ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى ساڵى تازه‌ى ساز كرد

له‌ دوا بڕگه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز مه‌حموود حاجى ساڵح وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ڕاپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌ كار و چالاكییه‌كانى لیژنه‌ى باڵاى به‌جینۆسایدناساندنى تاوانه‌كانى ڕێكخراوى تیرۆرستیى داعش خسته‌ ڕوو. تیایدا ئاماژه‌ى به‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ كرد كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى لیژنه‌كه‌وه‌‌ تا ئێستا له‌پێناو به‌جینۆسایدناساندنى تاوانه‌كانى داعش به‌رامبه‌ر به‌ خوشك و برایانى ئێزدى و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌‌كانى دیكه‌ ئه‌نجامیان داوه‌ و هه‌ر له‌ میانى ڕاپۆرته‌كه‌یدا بژارده‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى خسته‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمى به‌جینۆسایناساندنى ئه‌و تاوانانه‌ و ئاسته‌نگه‌ یاساییه‌كانى به‌رده‌میان.


لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێز وه‌زیر و لیژنه‌كه‌ كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م كه‌یسه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ك جینۆساید بناسرێت و قه‌ره‌بووى قوربانییان بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێشنیاره‌كانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ په‌سه‌ند كران و لیژنه‌كه‌ ڕاسپێردرا كه‌ هه‌نگاوى كرده‌یى بنێت بۆ گه‌یاندنى دۆسیه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌كانى تاوانه‌كان به‌ دادگاى نێوده‌وڵه‌تى و كاركردن له‌پێناو لابردنى به‌ربه‌سته‌ یاساییه‌كانى ئه‌م دۆسیه‌یه‌‌، له‌م ‌پێناوه‌شدا هه‌رچى له‌ ده‌ستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان درێخى ناكات.